كۆنگرێسی ئەمریكا بڕی 57 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە تەرخانكرد
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
كۆنگرێسی ئەمریكا بودجەی بەرگریی وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2025 بەبڕی 884 ملیار دۆلار پەسەندكرد، كە 57 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە و 148 ملیۆن دۆلاریش بۆ هەسەدە و هاوپەیمانەكانی لە سوریا تەرخانكردووە بۆ پشتیوانی شەڕی دژی داعش.
هەفتەیەك دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتەش بە زۆرینەی دەنگی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بەبڕی 884 ملیار دۆلار بودچەی بەرگری وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2025 پەسەندكرد.
لەو بڕە پارەی كە كۆنگرێس ئەمریكا پەسەندیكردووە بۆ بەرگری وڵاتەكەی، بڕی زیاتر لە 380 ملیۆن دۆلاری بۆ عیراق و هەرێم تەرخانكردووە، لەو بڕەش 57 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگەیە، هەروەها نزیكەی 148 ملیۆن دۆلاری بۆ هەسەدە و روبەروبوونەوەی داعش لە سوریا تەرخانكردووە بە ئامانجی بەردەوام بوون لە شەڕی داعش.