ئەحمەد شەرع رایگەیاند، كوردەكان زوڵمێكی زۆریان لێكراوە و بەشێكی سەرەكی حكومەتی داهاتووی سوریا دەبن و ئامادەشن بۆ دانوستان لەگەڵ هەسەدە.

ئەحمەد شەرع ناسراو بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا، رایگەیاند، كورد بەشێكن لە سوریا و چەندین ساڵە لەلایەن رژێمەكەی بەشار ئەسەد روبەڕووی ناداپەروەری و زوڵملێكردن بوونەتەوە، جەختیشی لەوەشكردەوە، كە كورد دەبێتە بەشێكی جەوهەری سوریای داهاتوو.

راشیگەیاند، هەر وەك چۆن ئەوان لەسەر دەستی رژێمی ئەسەد توشی زوڵمبوونەتەوە، كوردەكانیش هەمان چارەنوسیان هەبووە، وتیشی، ئەوان مافی خۆشیان و كوردەكانیش وەردەگرنەوە كە چەندین ساڵە لێیان زەوتكراوە.

جۆلانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ دیاریكردنی چارەنوسی سوریا.

ئەم قسانەی جۆلانی لە كاتێكدایە، كە رۆژی هەینی مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە داوای لە ئەمریكا كرد فشاربخاتە سەر چەكدارانی سەر بە توركیا بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.