وەفدێکی ئەمریكا لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوریا كۆدەبێتەوە
کەژان
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەفدێكی باڵای دیپلۆماسی ئەمریكا بە سەردانێكی دوو رۆژە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا لە كۆبوونەوەدان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، باربارا لیف دیپلۆماتكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ سێ دیپلۆماتكاری دیكەدا گەیشتوونەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و ماوەی دوو رۆژ دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەفدەكەی ئەمریكا لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەمەد جۆلانی لە كۆبونەوەدان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێی سوریا لە دوای تەواوبوونی حوكمی راگوزەر لەو وڵاتەدا، هەروەها لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی سوریا و چالاكوانان و ئەندامانی پێكهاتە جیاوازەكانی سوریاش كۆدەبێتەوە.
وتیشی، وەفدەكەی ئەمریكا كاردەكات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریكیانەی كە لە ساڵی 2012ەوە لە سوریا بێسەروشوێنبوون، لەوانە ئۆستین تایس، مەجد كەمالماز و چەند كەسێكی دیكە.
هاوكات، ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، سەردانەكەی وفدی ئەمریكا بەشێكە لە دەستپێكردنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی ئەمریكا لەگەڵ حكومەتی راگوزەر لە سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
كۆبوونەوەی وەفدی باڵای ئەمریكا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەكاتێكدایە كە تائێستا نابراو لە لیستی تیرۆری ئەمریكادا، هەروەها پێشتر ئەو وڵاتە پێنج ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت دیاریكردبوو بۆ پێدانی زانیاری لەسەر شوێنی ئەحمەد شەرع.