هەسەدە رایگەیاند،بایەخ بە گرنگی وراگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکان دەدەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا و گروپە چەکدارەکانی تورکیا دەدەین "بەڵام درێغی ناکەین لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک بکرێتەسەر ناوچەکانمان".

هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە'، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و ناوچەکانی دیکە، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر پێگەکانی هەسەدە لە باشووری کۆبانێ، قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین.

هەسەدە دەشڵێت، "بێدەنگ نابن لە هەر هێرشێک بکرێتەسەر ناوچەکانیان."

هەسەدە باسی لەوەش کردووە، هەر هێرشێک لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە بۆسەر شاری کۆبانێ ناچێتەسەر، چونکە هێزەکانیان هاوشانی خەڵکی کۆبانێ رووبەڕوویان دەبنەوە.

دەشڵێت، "داوا لە خەڵکی کۆبانێ دەکەین چەک هەڵگرن و لەگەڵ هێزەکانمان دژی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بجەنگن و پارێزگاری لە کۆبانێ بکەن".