"لە دوو هەفتە هەموو ئەفسەر و سەربازە هەڵاتووەكان دەگەڕێنەوە سوریا"
کەژان
١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە دەستیانكردووە بە گەڕانەوەی ئەفسەر و سەربازە هەڵاتووەكانی سوریا بۆ وڵاتەكەی خۆیان، پڕۆسەی گەڕانەوەكەش ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت".
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری فەریق میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردەوە، لە ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە گەڕانەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازە سورییانەی كە لەسەروبەندی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد هەڵاتبوون بۆ ناو خاكی عیراق، وتیشی، ئەو بڕیارەشیان دوای هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی سوریا لەو بوارەدا دەركردووە، بڕیارەیشە لە ماوەی دوو هەفتەدا لە رێگای دەروازەی سنوری قائیم بگەڕێنەوە سوریا.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەرپەرشتی گەڕانەوەی سەربازە سوریە هەڵاتووەكان دەكەن.
رۆژی چوارشەممە، هەزاران ئەفسەر و سەربازی سوریا كە لە شەڕی سوریا و چەكدارانی تەحریر شام هەڵاتبوون و روویان لە عیراق كردووە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی عیراق دەكرد رێگەیان پێبدەن بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.