ڤلادیمێر پوتین رایگەیاند، هێشتا بەشار ئەسەدم نەبینیوە، ئەگەر بینیم پرسیاری ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەی لێدەکەم کە ١٢ ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەوان ئومێدی ئاشتی دەخوازن بۆ سوریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەو کاتەوەی بەشار ئەسەد گەیشتووەتە مۆسکۆی پایتەخت، چاوم پێی نەکەوتوە و نەمبینیوە، لە پلانمدایە بیبینم، ئەگەر بینیم پرسیاری رۆژنامەنووسە ئەمریکیەکەی لێدەکەم کە ١٢ ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە".

ئەوەشی خستە روو، روسیا لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندیدایە، زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتی مانەوەی بنکە سەربازیەکانی روسیا لە سوریا دەکەن.

لەبارەی پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ هێزەکانی ئێستا لە سوریادا باڵادەستن پوتین ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە پێویستە خۆمان بڕیار بدەین پەیوەندییەکانمان چۆن دەبن لەگەڵ ئەو هێزانەی ئێستا لە سوریادان و داهاتووی وڵاتەکەیان بەدەستە، بەپێی بەرژەوەندیمان بڕیار دەدەین".

پاش کەوتنی رژێمی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام، زیاتر لە چوار هەزار چەکداری ئێرانی لەڕێگەی بنکەی هێزەکانمان لە حەمیمیەوە گواسترانەوە تاران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ٨ی ئەم مانگەدا، بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بەرەو روسیا هەڵهاتن.