وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رێگە نادەن سوریا ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆر. دەشڵێت: ئەمریکا بەشدار دەبێت لە قۆناغی راگوزەری سوریادا.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئێمە هەوڵمانداوە کە کۆدەنگییەک لەنێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروستبکەین، بەو هیوایەی داهاتووی سوریا بەو ئاڕاستە باشەدا بڕوات کە جیهان هیوای بۆ دەخوازێت".

ئەوەشی خستووەتە روو، "دەمانەوێت دڵنیا بینەوە لەوەی هێزی نوێی سوریا و بەتایبەت دەستەی تەحریر شام، ئەگەر دەیەوێت دانی پێدا بنێرت و پشتگیری بکرێت، گوێ لە جیهان بگرێت".

لەلایەکی دیکەوە، غێر بیدرسۆن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لەمیانی سەردانێکی سێ رۆژیدا بۆ سوریا، داوای لە هێزەکانی ئێستای وڵاتەکە کرد، بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەر، هەڵبژاردنێکی پاک ئەنجامبدەن، کە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی راگوزەر تەمەنی لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا کۆتایی پێبێت.

لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەدا، رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بە فەرمی راگەیەنرا و کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.

لە ئێستاشدا سوریا لە قۆناغی راگوزەردایە و چاوی وڵاتانی جیهان لەسەر ئەوەیە، لەدوای ١٣ ساڵ شەڕی ناوخۆی سوریا و بەتەواوی رووخانی رژێمی ئەسەد، سوریا بچێتە قۆناغێکی باشترەوە لەوەی لە رابردوودا هەبوو.