نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی جیهانیی کۆچەراندا: ١٦٪ی کۆچەرانی ئاسیا منداڵن
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
کۆچ؛ ئەو دیاردەیەی بە درێژایی تەمەنی مرۆڤایەتی بوونی هەبووە و دەبێت، زۆرن ئەوانەی لە خاک و وڵاتی خۆیان دەبن و بە ناچاری رێگای وڵاتێکی دیکە دەگرنە بەر.
بە لەبەرچاوگرتنی زۆری ژمارەی کۆچەران لە وڵاتانی جیهاندا، لە ٤ی١٢ی ساڵی ٢٠٠٠دا نەتەوە یەکگرتووەکان ١٨ی١٢ی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانیی کۆچەران ناساند.
کۆچکردن، ئەو کارەی کۆچەران بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر و پارێزراوتر ئەنجامی دەدەن. زۆرێک لە کۆچەران لەدەست دۆخی ئابووری و خراپی دۆخی ژیانیان لە وڵاتەکەیان هەڵدێن و زۆرانی دیکەش جەنگ و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناچاریان دەکات.
کۆمسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاسیا و زەریای هێمن، لە دوایین راپۆرتیدا تایبەت بە کۆچەران لە ٢٠٢٤دا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆچەران بە گەیشتنیان بە هەر ناوچەیەک، کار دەکەنە سەر ئابووری و دیمۆگرافیا و کلتووری ناوچەکان، هەروەها دەبنە پردێکی پەیوەندی بۆ تێکەڵاوی کۆمەڵگەکان، بۆیە دەتوانن سودیان هەبێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ١٦٪ی کۆچەرانی ئاسیا منداڵن، کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا کۆچ دەکەن یان بە کۆچەری لەدایک دەبن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی ئەمساڵیدا دەڵێت، کۆچەران خاڵی گرنگی گۆڕانکاری و بەشدارییەکی ئەرێنین لە بەردەوامیدان بە گەشەپێدانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان.
بەپێی دوایین خەمڵاندن لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ژمارەی کۆچەران لە جیهاندا بە ٢٨١ ملیۆن کۆچەر دانراوە، کە ئێستا ژمارەکە زیاتر بووە.
بەپێی ئاماری بەشی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەشێوەیەکی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆرترین ژمارەی کۆچەری هەیە لە جیهاندا، بەداوای ئەویشدا، 'ئەڵمانیا، سعودیە، روسیا و بەریتانیا' دێن.