ئەمڕۆ ١٨ـی ١٢، دوو ساڵ بەسەر یاری کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢ـی قەتەردا تێپەڕی، ئەو پاڵەوانێتییەی کە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٤٠٠ کرێکار دەستیپێکرد و ئەرجەنتین نازناوەکەی برد، دوای کۆتاییهاتنیشی راهێنەری ئەوکاتی هۆڵەندا وتی، "هەموو شتێک پێشتر ئامادەکرابوو بۆئەوەی ئەرجەنتین نازناوەکە ببات".

دەستپێکردن

لە رۆژی ٢٠ـی ١١ـی ٢٠٢٢ جامی جیهانی قەتەر بە یاری نێوان هەڵبژاردەکانی (قەتەری میوانداری پاڵەوانێتیەیکە و ئیکوادۆر) دەستیپێکرد.

راهێنەری هۆڵەندا: هەموو شت بۆ ئەرجەنتین ئامادەکرابوو

لویس ڤان گال کە ئەوکات راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا بوو، دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "جامی جیهانی بۆ ئەرجەنتین ئامادەکرابوو، بینیتان ئێمە چۆن گۆڵمان دەکرد و ئەوانیش چۆن گۆڵیان دەکرد، هەروەها یاریزانانی ئەرجەنتین چۆن سزا نەدەدران لە کاتی توندوتیژی".

ئاناژەی بەوەشدا، "یاریەکی پێشوەخت ئامادەکراو بوو تا ئەرجەنتین ببێتە پاڵەوان، من هیچ کاتێک درۆ ناکەم".

یاری نێوان هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ئەرجەنتین لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیهانیدا بوو لە رۆژی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، تێیدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە ئەرجەنتین براوەبوو، لە یاریەکەدا ٢-٢ یەکسان بوون، هەروەها ١٤ کارتی زەر و کارتێکی سوریشی تێیدا بەکارهات کە یاریزانێکی هەڵبژاردەی هۆڵەندا پێی کرایەدەرەوە.

مردنی زیاتر لە ٤٠٠ کرێکار 

لە کاتی ئامادەکاری بۆ جامی جیهانی ٢٠٢٢ـی قەتەڕ، ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کرێکار لە یاریگاکانی وڵاتی قەتەردا گیانیان لەدەستدا، ئەمەش ژمارەیەکی زۆربوو کە رێکخراوە جیهانییەکان نیگەرانی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی.

کۆتاییهاتن

یاری کۆتایی جامی جیهانی ٢٠٢٢ـی قەتەر لە نێوان هەڵبژاردەکانی (فەڕەنسا و ئەرجەنتین) بوو، کە یاریەکە بە یەکسانبوون و بە ئەنجامی ٣-٣ گەشتە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، تێیدا ئەرجەنتین براوەبوو، میسی و هاوڕێکانی جامەکەیان لەگەڵ خۆیان بردەوە ئەرجەنتین و لە شەقامەکانی پایتەختی ئەو وڵاتەدا بە ئامادەبوونی هەزاران کەس نمایشیان کرد.