ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوادەكات پڕۆسەی سیاسی لە سوریا لەلایەن سورییەكانەوە خۆیانەوە بەڕێوەببرێت.

لە دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سوریا بەڕێوەچوو، ئەنجومەنەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا جەختكراوەتەوە لەوەی كە پێویستە گەلی سوریا رێگەی پێبدرێت خۆی داهاتووی دیاریبكات و پڕۆسەی سیاسیی لەو وڵاتە لەلایەن سورییەكانەوە بەڕێوەببرێت، بە جۆرێك كە خواستە ڕەواكانی هەموو سورییەكان بەدیبهێنێت و هەموویان بپارێزێت و تا بتوانن بەشێوەیەكی ئاشتیانە و سەربەخۆ و دیموكراسی ئایندەی خۆیان دیاری بكەن.

هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكەش پابەندبوونی بەهێزیان بە سەروەری و سەربەخۆیی سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی دووپاتكردووەتەوە و داوایانكردووە هەموو دەوڵەتان رێز لەو بنەمایانە بگرن.

ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتیشیكردووەتەوە كە پێویستە سوریا و دراوسێكانی رێز لە سەروەری یەكتربگرن و دەستوەرنەدەنە كاروباری یەكتر و كاریگەری لەسەر ئاسایشی یەكتر دروستنەكەن.