ئەحمەد شەرع داوادەكات دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆری وڵاتانی رۆژئاوا دەربهێندرێت
لاوان
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆكی دەستەی تەحریر شام داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەكات، ناوی دەستەكەیان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن، تاكو بتوانن دەست بكەن بە بنیادنانەوەی سوریا.
رۆژنامەی " نیویۆڕك تایمز"ـی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەستەی تەحریر شام داوای لە حكومەتەكانی وڵاتانی رۆژئاوا كردووە، ناوی دەستەكەیان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن، تاكو بتوانن دەست بكەن بە بنیادنانەوەی سوریا.
ئەحمەد شەرع جەختی لەوەشكردووەتەوە، سوریا لەئێستادا پێویستی بەوەیە بنیادنانەوی دەوڵەت و دروستكردنەوەی دامەزراوە گشتییەكان بكاتە پێشەنگی كارەكانی تاكو لە رێگەیانەوە خزمەتی گەلی سوریای پێبكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، نزیكەی ٩ ساڵە دەستەی تەحریر شام لە بەشێكی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ـیدا، تایبەت بە ئاگربەست و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان لە سوریا، داعش و بەرەی نوسڕەی خستە لیستی تیرۆرەوە و دەستەی تەحریر شامیش بەشێكە لە بەرەی نوسڕە.