هێزە ئەمنییەكانی ئێران سێ هاووڵاتی دیكەی كوردیان لە مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركرد، بەوەش ژمارەی دەستگیركراوان لە یەك رۆژدا لە مەهاباد گەیشتە ١٠ كەس.


رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رۆژی 15ـی ئەم مانگە، هێزەكانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڵمەتێكی ئەمنیدا، ١٠ كوردیان لەسنوری شاری مەهاباد دەستگیركردووە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری یاخود یاسایی نیشانی كەسوكارەكانیان بدەن.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەكانی ئیتڵاعات لەكاتی دەستگیركردنی ئەو هاووڵاتییە كوردەكاندا، توندوتیژییان بەكارهێنانەوە و هەوڵیانداوە دەستبگرن بەسەر كەلوپەلی دەستگیركراوەكاندا، دوای ئەوەی پشكنیان بۆ ماڵەكانیان كردووە.


رێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم دەستگیركراوەكان بۆ یەكێك لە زیندانەكانی ئورمیە گواستراونەتەوە و تائێستا چارەنوس و دۆخی تەندروستیان لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی لەسەری دەستگیركراون نادیارە.