هۆشداری لە رووخانی بەنداوی تشرین لە سوریا دەدرێت
لاوان
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریاوە بەشێك لە بەنداوی تشرینی ئەو وڵاتە زیانی پێگەیشتووە و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراقش دەڵێت، ئامادەكاری پێشوەختەیان كردووە و لە ئەگەری شكانی بەنداوەكە، عیراق توانای گلدانەوەی ئاوەكەی بەبێ زیان هەیە.
لە ئاكامی شەڕ و پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا، لەنێوان هەسەدە و گروپە چەكدارەكان بەشێك لە بەنداوی تشرین كە دەكەوێتە نێوان حەلەب و رەقە زیانی پێگەیشتووە و مەترسی شكانی و هاتنی ئاوەكەی بۆ عیراق هەیە.
لەوبارەیەوە، عەلی رازی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی بەنداو و كۆگاكان لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق دەڵێت، وڵاتەكەی توانایەكی فراوانی هەیە لە كۆگاكردنی ئاودا، ئەویش لەرێی بەنداوی حەدیسە و دەریاچەكانی حبانیە و رزازە لەسەر روباری فوڕات.
دەشڵێت، لەئەگەری هاتنی هەر شەپۆلێكی گەورەی ئاو عیراق دەتوانێت گلی بداتەوە، لە وەزارەتیان ئامادەكاری پێشوەختەیان بۆ هەر حاڵەتێكی لەوشێوەیە كردووە.