وەزیری بەرگری ئیسرائیل: لە هەموو كات نزیكترین لە گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە
ڕێباز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، لە هەموو كات زیاتر نزیكن لە گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان، چونكە حەماس نەرمی نیشانداوە لە دانوستانەكاندا.
ئیسرائیل كاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی داخراودا لە ئەنجومەنی یاسادانانی نیشتمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، لە هەموو كات زیاتر نزیكن لە گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان.
ئەوەشی خستەڕو، رێڕەوەكانی فیلادلفیا و نەتساریم نابێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی ئاگربەستەكەدا.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، حەماس نەرمی نیشانداوە لە گفتوگۆكاندا و روون بووەتەوە بۆی كە ئیسرائیل كۆتایی بە شەڕ ناهێنێت، وتیشی، لەبارەی قۆناغی دواتری غەززە لەگەڵ زۆر لایەن گفتوگۆیان كردووە، مەرجی ئیسرائیلیش ئەوەیە حەماس حكومڕانی غەززە نەگرێتەوە دەست.