ناتانیاهۆ: گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە سوریا کردە ئامانج و ناتانیاهۆش دەڵێت، "سوریا چیدیکە سوریای پێشتر نییە و گۆڕانکاریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین".
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "وتمان گۆڕانکاری لە رۆژهەڵات یناوەڕاستدا دەکەین، ئەوەتا ئێستا روودەدات".
ناتانیاهۆ نووسیویشییەتی، "سوریا چیتر ئەو سوریایەی پێشوو نییە، لوبنان چیتر لوبنانی پێشوو نییە، غەززە و ئێران چێتر ئەوانەی پێشوو نین".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ١١ رۆژدا کۆتایی بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هات و شکستی پێهێنرا، لە سەروبەندی تێکشکانی رژێمەکەی ئەسەددا، دەنگۆی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بۆ روسیا میدیاکانی تەنی و دواتریش بە فەرمی ئەوە یەکلا کرایەوە، کە بەشار ئەسەد لە روسیایە.