ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان دەستپێشخەرییەكی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو راگەیاند
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان دەستپێشخەرییەكی ١٠ خاڵی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سوریا راگەیاند و دەڵێت، دەستپێشخەرییەكە بۆ بنیاتنانی سوریای نوێیە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق لە بەرژەوەندی گەلی سوریایە و پێویستە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بەبەشداری سەرجەم لایەنەكان لە دیمەشق سازبكرێت.
ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە پێویستە ژنان بەشداری كاریایان هەبێت لە پڕۆسەی سیاسیدا، هەروەها یەكێتی و سەروەری خاكی سوریا بپارێزرێت و سوریا لە هێرشەكانی توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بپارێزرێت.
راشیگەیاندووە، پێویستە سەرجەم پڕۆسە سەربازییەكان لە سوریا بوەستێنرێن و پارێزگاری لە پێکهاتەکانی سوریا بکرێت.
داواش دەکات، گفتوگۆیەكی نیشتمانی گشتگیر دەستپێبكات و دەشڵێت، پێویستە سامان و داهاتی سوریا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت. هەروەها گرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بكرێت.
لە رۆژی ٨ی ئەم مانگەدا بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و لەدوای ئەو رۆژەشەوە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەردەوامن و هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بۆ ئەوەیە، سوریای نوێ بە جۆرێک بێت کە بەرژەوەندی باڵای گەل پارێزراو بێت و دۆخێکی سەقامگیر بۆ خەڵکی سوریا بونیاد بنرێت، لە پاڵ ئەوانەشدا سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی پارێزراو بێت.