لەدوای ١٣ ساڵ لە داخستنی باڵیۆزخانەی قەتەر لە سوریا، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە، لە رۆژی سێشەممەوە دووبارە باڵیۆزخانەکەیان دەکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی سێشەممە ١٧ی ١٢ی ٢٠٢٤ـەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە سوریا دەکەنەوە و باڵیۆزخانەکە دەست بە کارەکانی دەکاتەوە. کە ئەوەش دوای ١٣ ساڵ لە داخستنی دێت، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە سەرجەم پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی قەتەر لەگەڵ رژێمی سوریادا راگیران.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کردنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە سوریا دەرخەری ئەوەیە کە دەمانەوێت لەپاڵ گەلی سوریادا بووەستین و پشتگیرییان بکەین بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە، هەروەها وەک پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ ئەوەی قەتەڕ هەموو سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو رەتدەکاتەوە".

ئەوەش هاتووە، "وڵاتەکەمان هاوکارییەکانی بۆ گەلی سوریا زیاتر دەکات، لە سەرەتاشدا بە پردێکی ئاسمانی دەستمان پێکرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، هەروەها هەر هاوکارییەکی دیکەی مرۆییش پێشکەشی وڵاتەکە دەکەین کە پێویستیان پێبێت".

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر راشیگەیاندووە، قەتەر خوازیارە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گونجاو کە یەکپارچەیی وسەروەری و سەقامگیری خاکی سوریا بەدی بهێنێت، هەروەها سوریای نوێ بەرەو ئایندەیەک ببات کە تیایدا گەلەکەی لە پارێزراوی و گەشەسەندندا بژین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ١١ رۆژ لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریادا، رۆژی ٨ی ئەم مانگە بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و بەوەش کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.