جۆلانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ سوریا كۆبوەوە
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی "تەحریر شام" لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ سوریا كۆبووەوە و دەڵێت، پێویستە چاو بە بڕیاری ٢٢٥٤ـی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا بخشێنرێتەوە.
جۆلانی لەو كۆبونەوەیەدا لەگەڵ "گەیر پێدەرسۆن" جەختی لەوە كردووەتەوە كە رەوشی نوێی سوریا پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە بڕیاری دوو هەزار و ٢٥٤ـی نەتەوەیەكگرتوەكان هەیە، بۆ ئەوەی وردتر لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكان و بەرجەستەكردنی "واقیعی" ئێستای سوریا بگونجێت .
هەروەها جەختیكردووەتەوە لەوەی كە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگییەكان بە خێرایی پتەو بكرێن بۆ چارەسەركردنی دۆسیە مرۆییەكان و سیاسییەكان لە سوریا لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە و ئاوەدانەكردنەوەی و بەدیهێنانی گەشەی ئابووری بەردەوام.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەم قۆناغە پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت هەیە بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و نۆژەنكردنەوەی دامودەزگاكان بە ئامانجی بنیاتنانی سیستمێكی حكومرانی بەهێز و كاریگەر.
سەبارەت بە دۆسیەی پەنابەرانی سووریاش جۆلانی جەختی كردەوە لە پێویستیی دابینكردنی كەشێكی سەلامەت بۆ گەڕانەوەیان .