روانگەی سوری: ئیسرائیل فڕۆكەخانەی سەربازی دێرەزوری بۆردومانكرد
لاوان
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە رۆژئاوای كوردستان فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل فڕۆكەخانەی سەربازی دێرەزووریان بۆردومانكرد.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانیدا فڕۆكەخانەی سەربازی دێرەزووریان لە رۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج و تێیدا رادارەكانی فڕۆكەخانەكەیان بۆردومانكردووە.
ئەوەشی خستەڕو، لە رووداوێكی تەقینەوەشدا ئەو پردەی سەر رووباری فوڕات، كە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە بە دیمەشقەوە دەبەستێتەوە رووخێنراوە.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی 15ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی فراواندا، كە بۆ ماوەی نزیكەی 8 سەعات بەردەوامبووە، سەرجەم سەربازگە و دامەزراوە و موشەكی و كۆگاكانی چەكی رژێمی پێشووی سوریایان لە دەوروبەری باكوری رۆژئاوای دیمەشق بۆردومانكردووە.