سەرۆكی دەستەی تەحریر شام دەڵێت، كورد بەشێكی سەرەكی دەبێت لە قۆناغی داهاتووی سوریا و لەمەودوا هیچ ستەمێك لە كورد ناكرێت.

ئەحمەد شەرع، سەرۆكی دەستەی تەحریر شام لە پەیامێكیدا رایگەیاند، كورد بەشێكە لە سوریا و لەسەردەمی رژێمی ئەسەد روبەڕووی ستەمی زۆر بووەتەوە و بەپێی یاسا لە قۆناغی داهاتووی سوریا مافی خۆیان وەردەگرن.

وتیشی قۆناغی داهاتووی سوریا هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت و وەزارەتی بەرگری سەرجەم گروپە چەكدارە نێوخۆییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە و هیچ چەكێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نەمێنێت.

ئەحمەد شەرع ئەوەشی خستەڕو، نایانەوێت شەڕ دژی ئیسرائیل رابگەیەنن، بەڵام ئەو وڵاتە رێككەوتنی ئاگربەستی ساڵی ١٩٧٤ پێشێلكردووە و جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی و هاتنە پێشەوەی لە سوریا هیچ پاساوێك هەڵناگرن، بە تایبەتی كە ئێران و گروپە هاوپەیمانەكانی لە وڵاتەكەدا نەماون.