رۆیتەرز: ئەسەد بە ئێرانی راگەیاندووە توركیا پشتیوانی گروپە چەكدارەكان دەكات
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
پێش كەوتنی "رژێمەكەی"، بەشار ئەسەد بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندووە توركیا پشتیوانیی لە گرووپە چەكدارەكان دژی دەسەڵاتەكەی دەكات.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد لە دوایین دیداریدا لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بێ هیوا بووە لە پشتیوانیی روسیا و نیگەرانی بە روخساریەوە دیار بووە و بە عیراقچی راگەیاندووە، توركیا بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی لە گرووپەچەكدارەكان دەكات، ئەوەش وایكردووە ئەو گرووپانە بە خێرایی بەرەو دیمەشق پێشڕەویی بكەن.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەكردووە، وتەكانی بەشار ئەسەد وای لە عەباس عیراقچی كردوە، دوای ١٣ ساڵ بە گەشتێكی فڕۆكەی راستەوخۆ لە دیمەشقەوە بچێتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا و گفتوگۆی توند لە نێوان عێراقچی و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا روویداوە.
بەپێی ئاژانسەكە، روسیا و ئێران لەگەڵ یەكەم رۆژی دەستپێكردنی هێرشی گروپە چەكدارەكان بە بەشار ئەسەد-یان راگەیاندووە، كە ناتوانن لە رووی سەربازییەوە هاوكاریی بكەن، بەڵام ئەسەد تا رۆژی هەڵاتنی لە دیمەشق، كەسی ئاگادارنەكردووەتەوە و سوپای سوریا هەر لە چاوەڕوانیی گەیشتنی پشتیوانیی روسیادا بووە.