هەوڵە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە مانگی داهاتوودا، رەنگە روبەڕوی بەربەستێک بووبێتەوە: لیژنەی نۆبڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە ناکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە.
لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رونی ئارەزووی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە بەناوبانگە ئاشکرا کردووە، کە پێشتر باراک ئۆبامای رکابەری دیموکراتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی 2009 بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بردییەوە.
ملیاردێرە 79 ساڵانەکە هەموو دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی بڵێت "شایەنی ئەوەیە"، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەش شەڕی کۆتایی پێهێناوە، سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی غەززە و ئۆکراین—کە دەڵێت دەیەوێت چارەسەریان بکات—هێشتا بەردەوامن.
وەڵامی لیژنەی نۆبڵ:
کریستیان بێرگ هارپڤیکن، سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە ئۆسلۆ وتی: "بێگومان تێبینی ئەوە دەکەین کەهەوڵێکی زۆری میدیایی لەسەر کاندیدی دیاریکراو هەیە، بەڵام ئەوە بەڕاستی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە نییە کە لە لیژنەکەدا بەڕێوەدەچن."
وتیشی: "لیژنەکە هەموو پاڵێوراوێک بەپێی شایستەییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت." براوەی ئەمساڵ لە 10ی تشرینی یەکەمدا رادەگەیەنرێت.
ترەمپ بانگەشەکانی خۆی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە چەندین سەرکردەی بیانی، لە بنیامین نەتەنیاهۆی ئیسرائیلییەوە تا ئیلهام عەلیێڤی ئازەربایجانی، یان پاڵاوتوویانە یان پشتگیرییان لە پاڵاوتنەکەی کردووە. بەڵام، دەبوو زۆر خێرا بووبن بۆ خەڵاتی ئەمساڵ، چونکە وادەی کۆتایی پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکان 31ی کانوونی دووەم بوو، واتە تەنها ١١ ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ.
هەر لەم بارەیەوە هارپڤیکن وتی: "پاڵێوراو بوون مەرج نییە دەستکەوتێکی گەورە بێت. دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کە ببیتە براوە. لیستی ئەو کەسانەی دەتوانن کەسێک بپاڵێون زۆر درێژە."
فشارەکان کاریگەرییان نابێت:
بەپێی رۆژنامەی دارایی "Dagens Naeringsliv"، ترەمپ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەرویج، یەنس ستۆڵتنبێرگ (سکرتێری پێشووی ناتۆ)، باسی خەڵاتی ئاشتیی کردووە.
هەرچەندە لیژنەی نۆبڵ لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دیاری دەکرێت، بەڵام لیژنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکانی بە سەربەخۆیی و دوور لە سیاسەتی حیزبی و حکومەتی کاربەدەست دەدات. نموونەی دیاریش ئەوەیە کە خەڵاتی ساڵی 2010ی بەخشییە Liu Xiaoboی دژبەری چینی، سەرەڕای هۆشدارییە نهێنییەکانی حکومەتی نەرویج، کە بووە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و ئۆسلۆ بۆ چەندین ساڵ.
بۆچی بردنەوەی ترەمپ دوورە لە چاوەڕوانی؟
شارەزایان لە نەرویج پێیان وایە شانسی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە زۆر کەمە، چونکە سیاسەتی "ئەمریکای یەکەم"ی ترەمپ پێچەوانەی فرەلایەنییەتە کە ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، بەرگری لێدەکرد.
هالڤارد لێیرا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای نەرویجی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی (NUPI) وتی: "ئەم جۆرە فشارانە زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت. ئەگەر لیژنەکە ئێستا خەڵاتەکە بدات بە ترەمپ، بێگومان تۆمەتبار دەکرێت بە ملکەچبوون."
لە مانگی ئابدا، سێ مێژوونووسی نۆبڵ لە وتارێکدا چەندین هۆکاریان خستەڕوو کە بۆچی نابێت سەرۆک ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لەنێویاندا سەرسامییەکەی بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا. ئەوان نوسیبوویان: "پێویستە ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ عەقڵیان لەدەست دابێت" (بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی بدەنێ).