سبەینێ ئوردن میوانداری كۆبوونەوەیەكی عەرەبی و نێودەوڵەتی دەكات بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی سوریا.


ئاژانسی هەواڵی ئوردن بڵاویكردەوە، وەزیرانی دەرەوەی لیژنەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی كە بە بڕیاری كۆمكاری عەرەبی دامەزراوە، لەسەر بانگهێشتی ئوردن، لە شاری عەقەبە كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سوریا.


لیژنەی پەیوەندیی وەزاریی عەرەبی بۆ كاروباری سوریا، پێكهاتووە لە ئوردن و سعودیە و عیراق و لوبنان و میسر و سكرتێری گشتی كۆمكاری عەرەبی، وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و قەتەر و بەحرەین.


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كە ئامادەی كۆبوونەوەكانی لیژنەكە دەبن، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئەمریكا و نوێنەری یەكێتی ئەوروپا بۆ سیاسەتی دەرەوە و هەروەها نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سوریا كۆدەبنەوە.