بەرگری شارستانی غەززە: بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیلەوە ٥٨ كەس كوژران
ڕێباز
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەرگری شارستانی غەززە رایگەیاند، ٥٨ كەس بەهۆی هێرشەكانی دوێنێی سوپای ئیسرائیل كوژراون ، لەنێو كوژراوەكاندا ١٢ پاسەوان هەیە كە پارێزگارییان لە بارهەڵگرەكانی گواستنەوەی هاوكارییەكان دەكرد لە باشووری غەززە.
مەحمود بەسەل وتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ١٢ كارمەندی ئاسایشی فریاگوزاری لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل كوژراون، ئاماژەی بەوەشكرد ٧ پاسەوان لە ڕەفەح و ٥ پاسەوانی دیكەش لە خان یونس لە باشووری غەززە كوژراون.
وتیشی، ٣٠ كەسی دیكەش كە زۆربەیان منداڵن لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی ئیسرائیل بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكانی ڕەفەح و خان یونس.
هاوكات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەكانیان شەوی ڕابردوو هێرشیان كردۆتە سەر چەكدارانی حەماس كە لە ڕێڕەوی مرۆیی لە باشووری غەززە بوون، ئەم هێرشانەش چەند سەعاتێك پاش ئەوەهات، نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی كرد لەو ناوچانە.