بەپێی رێككەوتنێك هەسەدە لە مەنبج و دەوروبەری دەكشێتەوە
یەحیا
١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سوپای نیشتیمانی سوریا بڵاویكردەوە، لە بەرانبەر كشانەوەی هەسەدە لە مەنبج، ئاگربەستیان راگەیاندووە.
سوپای نیشتیمانی سوریا نزیك لە توركیا دەقی رێككەوتنێكی ئاگربەستی لەگەڵ هەسەدە سەبارەت مەنبج بڵاوكردەوە كە تیایدا بۆ ماوەی چوار رۆژ شەڕ و ئاڵۆزییەكان رادەگیرێن بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنە مرۆیی و ئەمنییەكان.
دەشڵێت، ئاگربەستەكە لە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر پێنجی ئێوارەوە دەستپێكردووەو و تا ڕۆژی دووشەممە ١٦ی مانگ بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە بریتین لە كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە مەنبج و لادێكانی، لەگەڵ خێزانەكانیان، لەوانەش ناوچەی گۆڕی سوڵتان سلێمان شا و گردەكانی دەوروبەری و بەنداوی تشرین ڕادەست دەكەنەوە لەگەڵ كشانەوەی سەرجەم هێزەكانی هەردوولا لە بەنداوەكە.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە گروپی چەكداری سوپای نیشتیمانی سوریا هێرشەكانیان بۆسەر مەنبج و دەوروبەری دەستپێكردووە، ماوەی چەند رۆژێكیشە بەنداوی تشرین و ٢٠ گوند بە درۆن و چەكی قورس هێرشی دەكرێتەسەر و لەلایەن شەرڤانانی هەسەدەشەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.