حكومەتی راگوزەری سوریا بڕیاریدا دەستور و پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵپەسێردرێن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری عوبەیدە ئارناوت وتەبێژی ئیدارەی كاروباری سیاسی حكومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاند، دەستور و پەرلەمان لەماوەی ڕاگوزەردا هەڵدەپەسێردرێن بۆ ماوەی سێ مانگ.

وتیشی، ئەو بڕیارە لە میانی كۆبوونەوەی وەزیرانی شۆڕش بەناوی حكومەتی ڕزگاری سوریا لەگەڵ وەزیرەكانی پێشووی حكومەتی سوریا دراوە، بەمەبەستی گواستنەوەی دەسەڵاتەكان كە ئەو قۆناغەش سێ مانگ دەخایەنێت، تاوەکو ئەوكاتەی حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت. 

دەشڵێت، بێگومان لەو ماوەیەدا سەرلەنوێ دەستور دەنووسرێتەوە و پەرلەمانی نوێش دەستبەكار دەبێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ٢٧ی مانگی رابردووەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لەلایەک و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەکی دیکە دەستیان بە بەرەوپێشچوون کرد لە حەلەبەوە تاوەکو لەماوەی ١١ رۆژدا گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سوریا و دوای ١٢ رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە، لە ٨ی ئەم مانگەدا بە تەواوی رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.

دوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەدیش، محەمەد بەشیریان وەک سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سوریا راسپارد.