ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڕیاریدا ئاڵای نوێی سوریا لەسەرجەم دامەزراوەكانی رۆژئاوای كوردستان هەڵبكات و دەڵێت، بەشێكی دانەبڕاون لە جوگرافیای سوریا.

ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەبۆنەی كۆتایهاتنی سەركوتكاری و خۆسەپێنی رژێمی بەشار ئەسەد كە لە ٥٠ ساڵی رابردوودا بەسەر خەڵكدا سەپێندرابوو، كە بەو هۆیەوە سورییەكان لە تاریكی و پەراوێزخستن دەژیان، بۆیە ئێستا مافی سوریەكانە خۆشی و شادی بگێڕن بەبۆنەی سەركەوتنی ئیرادەیان لە رووخانی ئەو رژێمە سەركوتكارە.

راشیگەیاندووە، لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییە مێژووییە كە روویداوە، ئاڵای نوێی سەربەخۆیی سوریا بە هەر سێ رەنگی سەوز و سپی و رەش، لەگەڵ سێ ئەستێرەی رەش، وەك قۆناغی نوێ كە ئاماژەیە بۆ ئاواتەكانی گەلی سوریا بەرەو ئازادی و یەكگرتووی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپشتبەستن بەو راستییەی كە ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشێكی دانەبڕاوە لە جوگرافیای سوریا و دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە پێكهاتە رەسەنەكانی سوریا، بۆیە ئاڵای نوێی سوریا لەسەر هەموو ئەنجومەن و دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵدەكرێت. راشیگەیاند، ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیكردنی خواستەكانی گەلی سوریا و هەموو پێكهاتەكانی دیكە دەكاتەوە.