مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، ئامادەن ئاسانكاری بكەن بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی سلێمان شا بۆ مەزارە رەسەنەكەی خۆی كە لەساڵی 2015 بەهۆی مەترسی داعشەوە بۆ ناوچەی ئاشمە گواسترایەوە.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە پلاتفۆڕمی ئێكس رایگەیاند، لە ماوەی شەڕی داعش لە ساڵی 2015، یارمەتیاندا لە پاراستنی رووفاتی سلێمان شا بە ئاسانكردنی گواستنەوەی بۆ ناوچەی ئاشمه، دەشڵێت، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پاراستنی شوێنە مێژووییەكان و گەڕاندنەوەی رووفاتی سلێمان شا بۆ مەزارە ڕەسەنەكەی دەربڕی.

مەزڵوم كۆبانێ دەشڵێت، بەڵێنی چەسپاوی خۆیان دووپاتدەكەنەوە بۆ پاراستنی شوێنە مێژووییەكان و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئاسانكردنی گەڕاندنەوەی رووفاتەكە بۆ مەزارە رەسەنەكەی، بەپێی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی پێشوو و بە ڕێزگرتنی تەواوی میراتی كەلتووری.

سلێمان شا سەرۆكی هۆزی قایی توركەكانی ئۆغوز، كوڕی كایا ئالپ باوكی غازی ئەرتوغرول و باپیری عوسمانی یەكەمی دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیە.