بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رووخانی بەشار ئەسەد قۆناغێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێتە ئاراوە، دەشڵێت، بەرزاییەكانی جۆلان وەك بەشێك لە خاكی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.


بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، وتیان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن و ئەوەتا روودەدات و بەشێوەیەكی سیستماتێك كار دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی میحوەری جەنگ لە ناوچەكە.


راشیگەیاند، روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەرەنجامی هێرشەكانیان بوو بۆ سەر ئێران و حزبوڵا و حەماس، كوشتنی حەسەن نەسڕوڵاش خاڵی وەرچەرخان بوو.


لەبارەی جەنگی غەززەش، بنیامین ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشكرد، جەنگی غەززە بەسەر ئیسرائیلیدا سەپێنرا، حەماس لاواز بووە بەڵام لەناونەبراوە، بۆیە گۆشەگیركردنی حەماس و رووخانی ئەسەد بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە گرنگە.


ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەی ئازادكردنی بارمتەكانی ئیسرائیل لە غەززە بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە.