بەریتانیا و پێنج وڵاتی ئەوروپا پێدانی مافی پەنابەرێتیان بە هاووڵاتیانی سوریا راگرت
لاوان
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەریتانیا و پێنج وڵاتی یەكێتی ئەوروپا پێدانی مافی پەنابەرێتیان بە هاووڵاتیانی سوریا راگرت و هۆكارەكەشی بۆ رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگێڕنەوە.
هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەمسا و دانیمارك و سوید و نەرویج، پێدانی مافی پەنابەرێتییان بە هاووڵاتیانی سوریا راگرت، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش دەڵێت، بڕیاری راگرتنی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتانی سوریا بۆ كاتێكی نادیار، لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد هاتووە و لەئێستاشدا، چاودێری دۆخی سوریا دەكەن.
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، روخانی رژێمی ئەسەد گرەنتی گەشەسەندنی ئاشتی لە سوریا ناكات و بەوهۆیەوە بڕیاریانداوە، پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوریا بۆ كاتێكی نادیار رابگرن.
هەروەها، وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رایگەیاندووە، پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوری بۆ كاتێكی نادیار راگیراوە و و رێككارەكانیش دەستیپێكردووە، بۆ دیپۆرتكردنەوەی هاووڵاتیانی سوریا بۆ وڵاتی خۆیان.
سوید و نەرویج و دانیماركیش لەڕێی وەزارەتی ناوخۆیانەوە رایانگەیاندووە، بە رەچاوكردنی دۆخی سوریا بڕیاردانەوە پێدانی مافی پەنابەرێتی بە هاووڵاتیانی سوریا رابگرن، تاكو دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.