دوای دوو رۆژ لە لە گەڕان و پشكنین، سەرجەم زیندانیكراوانی ناو گرتووخانەی سیدنایا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئازادكران كە ژمارەیان نزیكەی ٢ هەزار كەس بووە.


كۆمەڵەی دەستبەسەركراو و بێسەروشوێنان لە گرتووخانەی سیدنایا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ەوە زیاتر لە ٣٠ هەزار كەس لە سەیدنایا بەندكرابوون، بەڵام لەدوای رووخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد نزیكەی دوو هەزار كەس ئازادكراون، واتە نزیكەی ٢٨ هەزار كەسیان بەهۆكاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە.


راشیگەیاند، لەئێستادا هیچ شوێنێكی نهێنی لە سەیدنایا نەماوە بەندكراوی تێدابێت و سەرجەمیان ئازادكراون.


گرتووخانەی سیدنایا سەر بە وەزارەتی بەرگریی حكومەتەكەی ئەسەد بوو، دەكەوێتە دووری ٣٠ كیلۆمەتر لە دیمەشق، دوای رووداوەكانی ٢٠١١ كرایە بنكەیەك بۆ زیندانیكراوانی خۆپیشاندانەكانی دژ بە ئەسەد.


بەپێی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتەكەی ئەسەد لە زیندانەكەدا لەڕێی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵەوە، لەسێدارەدانی بەبێ دادگاییكردن ئەنجامداوە و لەنێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٥ هەموو هەفتەیەك یان دوو هەفتە جارێك ٥٠ كەسیان لەسێدارەداوە.