رۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، پێدەچێت ئەمریکا دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە رووسیا پەنابەرە، بەڵام لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.


ئەو بەرپرسەی کۆشكی سپی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی وتووە، لە ئێستادا ئەمریکا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ ئەو پرسە، پێدەچێت بە ئامانجی رێککەوتن و پاراستی ئارامی و سەقامگیری سوریا، دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. 


باسی لەوەشکردووە، ئێستا دەرفەتێک لەبەردەم گەلی سوریادا هەیە بۆئەوەی وڵاتەکەیان بنیات بنێن و ئەمریکاش هاوکاریان دەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەکات لە سوریا.


ئەوەشی خستووەتە روو، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە رووسیا مافی پەنابەری وەرگرتووە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان لێپرسینەوەی لێدەکات لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلەکەی کردوونی.


لە رۆژی ٢٧ی ١١ی مانگی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریادا روویدا، دواتر بە سەرجەم گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات و راپەڕینی خەڵکی سوریا، توانیان شکست بە رژێمەکەی بەشار ئەسەد بهێنن و دوێنێ ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤، بە فەرمی لە تەلەفزیۆنی سوریاوە ئەوە راگەیەنرا، "گەل شکستی بە رژێمەکەی ئەسەد هێنا". بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا.