بە بۆردومانی توركیا لە كۆبانێ سێ ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیانلەدەستدا
ڕێباز
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی بۆردومانی سوپای توركیاوە، لە كۆبانێ ٣ ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان گیانیانلەدەستدا و لە جزیرەش ٣ هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.
لە رۆژئاوای كوردستان سێ ئەندامی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیانلەدەستدا و لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی مەدەنیش لەنێوان شارەكانی زیركان و دەرباسیە لە پارێزگای جەزیرە سێ هاوڵاتی برینداربوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی هێرشێكی ئاسمانی سوپای توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ٣ ئەندامیان گیانیانلەدەستداوە.
هاوكات لەسنوری پارێزگای جزیرە ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە كرایە ئامانج و لە ئەنجامدا ٣ كەس برینداربوون.
بۆردومانی سوپای توركیا لەكاتێدایە، ماوەی ٢ رۆژە كۆتایی بە حوكمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هاتووە لە سوریا و ئەو وڵاتە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی تەحریر شام كۆنتڕۆڵكراوە و لەهەندێك شار و شارۆچكەش روبەڕوبونەوەی چەكداری هەیە.