ئیسرائیل بنكەیەكی ئاسمانی لە دیمەشق بۆردومانكرد
لاوان
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بنكەیەكی ئاسمانیان لە دیمەشق بۆردومانكرد و ناتەنیاهۆش سوپای وڵاتەكەی راسپارد، كۆنترۆڵی ناوچەی دابڕاو لە بەرزاییەكانی جۆلان بكەن كە لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكاندایە، دوای ئەوەی سوپای سوریا لەو ناوچەیە كشایەوە.
بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێككەوتنەكەی ساڵی ١٩٧٤ـیان لەگەڵ سوریا لەبارەی جۆلان كۆتایی پێهاتووە و سوپای سوریا لە ناوچەی دابڕاوی جۆلان كشاوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل كردووە، كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بكەن.
ئەوەشی خستەڕو، رێگەنادەن هیچ هێزێكی دوژمنكارانە لەسەر سنوری ئیسرائیل جێگیربێت.
هاوكات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە بۆردومانێكدا ژمارەیەك كۆگای چەكیان لە بنكەی ئاسمانی خلخلەی باشووری دیمەشق كردووەتە ئامانج و پێدەچێت، ئامانجی سەرەكی بۆردومانەكە رێگریكردن بێت لەوەی ئەو چەكانە بكەوێتە دەستی گروپە چەكدارەكان.