هەسەدە: گروپە چەكدارەكانی سوریا ١٥ هەزار ئاوارەی عەفرینیان دەستبەسەركردووە
زاهیر
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
هەسەدە رایگەیاند، گروپە چەكدارەكانی سوریا زیاتر لە ١٥ هەزار ئاوارەی عەفرینیان دەستبەسەركردووە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە كە دەیانویست خۆیان بگەیەننە رۆژئاوای كوردستان.
هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چەكدارانی سوریا دەستیانگرتووە بەسەر ١٢٠ ئۆتۆمبێلی ئاوارەكانی عەفرین و شەهبا كە سەدان كەسیان تێدابووە كە بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٥ هەزار كوردی رۆژئاوای كوردستان بێسەرشوێن و چارەنووسیان نادیارە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو چەكدارانە لە ناوچەی شێخ نەجار گەمارۆی ئاوارەكانیانداوە و بوونەتە هۆی برسیكردنیان و ئامانجیان لەو كارەش دیلكردنی ئاوارەكانە بۆ ئەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب بكشێتەوە و لە بەرمبەر ئەوەدا ئازادبكرێن.
هاوكات خۆبەڕێوبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە، سەرەڕای دۆخی قورسی ئابوریی، ئامادەكارییان كردوە بۆ جێگیركردنی نزیكەی ٢٠٠ هەزار ئاوارەی عەفرین كە لە ناوچەكانی شەهبا بوون و تائێستاش ١٠٠ هەزار ئاوارە لە رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون.