گروپە چەكدارەكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی شاری حەمایان راگەیاند، جۆلانیش داوادەكات تۆڵە لە لایەنگرانی حكومەتی سوریا نەكرێتەوە.


دەستەی تەحریر شام رایگەیاند چوونەتە ناو شاری حەما و دەستیانگرتووە بەسەر  فڕۆكەخانەی سەربازی و زیندانی شارەكەدا، ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی تەحریر شام لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا دوای كۆنتڕۆڵكردنی حەما داوای لە چەكدارەكانی كرد تۆڵە لە كەسانی مەدەنی و لایەنگری حكومەتی بەشار ئەسەد نەكەنەوە و ژیانی خەڵكی مەدەنی بپارێزێرێت.


هاوكات سوپای سوریاش لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لەناو شاری حەما راگەیاند و دەڵێت، ئەو كشانەوەیە بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بووە و هێزەكانیان لە دەوروبەری ئەو شارە ماونەتەوە. دەشڵێت، چەكدارانی تەحریر شام لەدوای دەستبەسەرداگرتنی حەما زۆربەی زیندانیەكانیان ئازاد كردووە.


شاری حەما خاڵی سەرەكی بەیەكەوە گرێدانی باكور و باشوری وڵاتەكەیە، بە كۆنترۆڵكردنی ئەو شارەش لەلایەن گروپە چەكدارەكان لە ناوەندی وڵاتەكە نزیكبوونەتەوە و بونەتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر حكومەتی سوریا.