پەرلەمانی فەڕەنسا متمانەی لە حكومەت وەرگرتەوە
هەژار
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لەسەر پێشنیازی ئیئتیلافی چەپ، پەرلەمانی فەڕەنسا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران متمانەی لە حكومەت وەرگرتەوە.
ئاژانسی فڕانس ٢٤ بڵاویكردەوە، ئیئتیلافی چەپ پێشنیازی وەرگرتنەوەی متمانەی لە حكومەتەكەی میشێل بارنیە پێشكەشكرد و دوای ئەوەی خرایە دەنگدانەوە بە زۆرینەی دەنگ و لە كۆی ٥٥٧ پەرلەمانتار ٣٣١یان بە بەڵی دەنگیان دا بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت.
دەشڵێت، پەرلەمانتارانی پارتەكەی مارین لوپێنیش پشتیوانی پرۆژەكەیان كرد و دەنگیاندا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەتی فەڕەنسا.
راشیگەیاندووە، "دوای كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، چەپەكانی فەڕەنسا داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی فەڕەنسا دەكەن".
دوای ساڵی ١٩٦٢، ئەوە یەكەمجارە پەرلەمانی فەڕەنسا متمانە لە حكومەت وەربگرێتەوە و نوێنەرانی چەپ و راستڕەوە توندڕەوەكانیش بوونە هاوپەیمان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت.
هاوکات میدیاكانی وڵاتەكەش دەڵێن، فەڕەنسا قەیرانێكی قوڵی سیاسی بۆ دروستدەبێت و توانای كۆنترۆڵكردنی كورتهێنانی گەورەی بودجەش لاواز دەكات.