پەرلەمان چارەنووسی سەرۆکی کۆریای باشوور یەکلا دەکاتەوە
هەساو ئەمیر
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دوای رووداوەکانی دوێنێی کۆریای باشوور و بڕیارە تاکلایەنەکەی یون سوک یولی سەرۆک، ناڕەزایەتی لایەنە سیاسییەکان و توڕەیی شەقام کپ نەبووەتەوە و بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی وڵاتەکە بۆ دەنگدان لەسەر لەسەرکار لابردنی یون سوک کۆببێتەوە.
لە کۆریای باشوور چی روویدا؟
درەنگانی شەوی رابردوو، یون سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوور لەرێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە رایگەیاند، یاسای سەربازی دەسەپێنن و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی کار بۆ کۆریای باکوور دەکەن.
ئەو سەرۆکە باسی لەوەکرد، ئەو حزبانە لەیاسا دەرچوون و کار دەکەنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و دەستیان گرتووە بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانیدا، چونکە یەکیان گرتووە لەسەر کۆمەڵێک پرس و لەناویشیاندا پێشنیازەکانی بودجەی حکومەت.
یاسای سەربازی کۆریای باشوور چییە؟
یاسای سەربازی کۆریای باشوور ئەو یاسایەیە کە لە دۆخی لەناکاودا رادەگەیەنرێت و لەو کاتەدا سەرجەم دەسەڵاتە تەشریعییەکانی وڵات لادەبرێت و راستەوخۆ کار بەو یاسایە دەکرێت.
بەڵام رێکارەکانی ئەو یاسایە بە جۆرێکن کە بەپێی دەستووری پەرلەمانی کۆریا دەبێت ئەنجومەنی نیشتیمانی وڵاتەکە بە رەزامەندی زۆرینەی پەرلەمان داوای خستنەکاری یاساکە بکات.
بەکارخستنی یاسای سەربازی دەبێت لە دۆخێکدا بێت، کە وڵاتەکە بکەوێتە بارێکی نائاسایی وەک تێکچوونی دۆخی سیاسی، دۆخێکی لەناکاوی کۆمەڵایەتی یان کارەساتی سروشتی و هەر دۆخێکی دیکە کە ببێتە پرسێکی کتوپڕ و کار لە سەقامگیری و ئاسایشی وڵات و حکومەت بکات.
کە لە ساڵی ١٩٨٠وە، ئەوە یەکەمجارە دۆخێکی لەو جۆرە لە کۆریای باشووردا رووبدات و یاسای سەربازی لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە بسەپێنرێت.
ناڕەزایەتییەکانی دوای بڕیارەکە
بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانیان تەنییەوە.
هێزێکی سەربازی زۆر بەرەو باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێکران و دەرەوە و ناوەوەی باڵەخانەکەیان گرت.
کیم یۆنگ هیون وەزیری بەرگری کۆریای باشوور کۆبوونەوەی بەپەلەی فەرماندە باڵاکانی راگەیاند بۆ ئامادەباشیکردن بۆ هەر ئەگەرێک.
لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەکانیش ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی تەواوی بەدوای خۆیدا هێنا و هەر بەپەلە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانیان ئەنجامدا.
لە دانیشتنی پەرلەماندا، بە دەنگی ١٩٠ پەرلەمانتار یاساکەیان رەتکردەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش یاساکەی بە "پووچەڵ" ناوبرد.
لە دانیشتنەکەدا ١٩٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٣٠٠ پەرلەمانتار ئامادە بوون و سەرجەمیان دەنگیان بە رەتکردنەوەی دا.
دوای ئەوەشی کە پەرلەمان سەپاندنی یاساکەی بە زۆرینەی دەنگ رەتکردەوە، یون لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی راگەیاند.
رووداوەکانی دوای رەتکردنەوەی سەپاندنی یاسای سەربازی
هەرچەندە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەپاندنی یاساکە رەتکرایەوە، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی خەڵک و حزبە سیاسییەکانی کپ نەکردەوە و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن: ئەوە هەنگاوێکی نایاسایی بوو یون سوک یول گرتیە بەر و بە تۆمەتی یاخیبوون سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.
چان دای پەرلەمانتاری حزبی دیموکرات باسی لەوەکردووە، "مەحاڵە سەرۆک یون سوک یول خۆی لە تۆمەتی یاخیبوون لابدات و پێویستە دەست لەکاربکێشێتەوە".
هان دۆنگ هۆنی پەرلەمانتاری حزبی 'هێزی گەل' یش وتی، پێویستە سەرۆک کۆمار ئەم دۆخە کارەساتبارە بەشێوەیەکی راستەوخۆ روونبکاتەوە، هەروەها خۆی و ئەوانەشی لەو بڕیارەدا بەشدار بوون دەست لەکار بکێشنەوە.
فشارە نێودەوڵەتییەکان
لەدوای رووداوەکەوە فشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆسەر یونی سەرۆک دەستی پێکرد.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکی کۆریای باشوور کرد، بڕیارەکەی بکشێنێتەوە.
ویشی، "ئەمریکا چاودێری ئەو دۆخە دەکات کە چی روودەدات و چاوەڕوانین بە شێوەیەکی ئارام و ئەو گژییە سیاسییە چارەسەر بکرێت".
داوای دەست لەکار کێشانەوەی یون سوک یولی سەرۆکی کۆریای باشوور دەکرێت
فشارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ناڕەزایەتی شەقام و رەتکردنەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کۆریا کۆتایی بەو پرسە هێنا، بەڵام کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دژی یون سوک یول نەهێنا.
لە ئێستادا خەڵکی مەدەنی و حزبەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی یون سوک دەکەن.
ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک لە یاریدەدەر و راوێژکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان پێشکەش کردووە.
لەم دوو ساڵەی دواییدا یون رووبەڕووی لەدەستدانی بەشێکی پاڵپشتییە جەماوەری و حزبییەکانی بووەتەوە و بە زەحمەت یاسا و پێشنیازەکانی لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێنرێن، لە ساڵی ٢٠٢٢وەوە بە شێوەیەکی گشتی ئۆپۆزسیۆن زیاتر باڵادەستە.
ئەمەش دوای ئەو پرسە دێت، کە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هاوسەری یون سوک یول بووە جێگای سەرنجی میدیاکان و باس لەو جانتا گرانبەهایە دەکرا کە بەدەستییەوە بوو.
جانتاکەی دەستی هاوسەرەکەی یون بە دیاری وەری گرتبوو لە براندی کریستیان دیۆر بوو و بەهاکەی نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ دۆلار بوو، کە ئەوەش دژی دەستووری وڵاتەکەیە و هاوسەری سەرۆک کۆمار رێگەپێدراو نییە هیچ دیارییەکی گرانبەها وەربگرێت کە بەهاکەی لە ٨٠٠ دۆلار زیاتر بێت.