هەسەدە: لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی باكوری رۆژئاوای سوریا دەكەین
ڕێباز
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
هەسەدە دەڵێت لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا دەكات و بەپێی پێویست كاردانەوەیان دەبێت.
فەرهاد شامی بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پێشهاتەكانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا هەستیارن و ڕاستەوخۆ گرنگی بۆ ئەوان هەیە، وتیشی لە نزیكەوە بەدواداچوون دەكەن و هەڵوێست و كاردانەوەیان بەپێی پێویستی بۆ پاراستنی گەل دەبێت.
حەلەب كە ئێستا بەشێكی كەوتووەتە ژێر دەستی گروپە چەكدارەكانەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ وە لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا و هاوپەیمانەكانیدایە، بەڵام لە ناو حەلەبدا دوو گەڕەك بە ناوەكانی شێخ مەقسود و ئەشرفەییە كە كوردنشینن لە ژێر دەستی هێزە كوردییەكاندان.