بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا قەیووم لە شارەوانی میكس دانرا
هادی
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
دانانی قەیوم بۆ شارەوانی میكس لە وان كاردانەوەی لێكەوتەوە و لەسەر داوای دەم پارتی خۆپیشاندان ئەنجامدرا، دەبەپەش دەڵێت سیاسەتی قەیوم نیشانەی دوژمنایەتی گەلی كوردە.
دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا قەیووم لە شارەوانی میكسی سەر بە پارێزگای وان دانراو سزای زیندانیش بەسەر سەرۆكی شارەوانیدا سەپێنرا، پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان(دەم پارتی) داوای لە خەڵك و رێكخراوەكان كرد، خۆپیشاندان و نارەزایەتی ئەنجامبدەن، لە سەدان كەس لە خەڵكی میكس دژی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و دانانی قەیوم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
هاوكات لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتی هەرێمە دیموكراتیەكان (دەبەپە) سەبارەت بە دەستبەسەراگرتنی شارەوانی میكس لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، پێداگری لەسەر سیاسەتی قەیوم نیشانەی دوژمنایەتی گەلی كوردە، دەسەڵاتی ئاكەپە - مەهەپە بەو پێداگرییە هەوڵدەدات گەلی كورد بێ ئیرادە بكات.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئایواز حازر، هاوسەرۆكی شارەوانی میكس كە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ئەمساڵ لەسەر لیستی دەم پارتی سەركەوتنی بەدەستهێنا، رۆژی هەینی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستن سزای سێ ساڵ و ١١ مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا و قەیووم لە شوێنەكەی دانرا.