ئەردۆغان: تا ئاگربەست لە غەززە رانەگەیەندرێت ناتوانین بە ئاشتی جیهانی بگەین
هادی
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، هەتا ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەستەبەرنەكرێت، ناتوانن بە ئاشتی هەرێمی و جیهانی بگەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە رایگەیاند، ئەوەی بكەوێتە سەر شانیان بە زیادەوە ئەنجامی دەدەن بۆ دەستەبەركردنی ئاگربەستی درێژخایەن، جا نێوەندگیری بێت یان گەرەنتیكار، سڵناكەنەوە لە ئەنجامدانی ئەوەی دەكەوێتە سەرشانیان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و ئارامی لە غەززە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هەتا ئاگربەستی بەپەلە و دادپەروەرانە و درێژخایەن لە غەززە دەستەبەرنەكرێت، ناتوانن بە ئاشتیی و ئارامیی هەرێمیی و جیهانی بگەن.
وتیشی، دەستپێشخەری نوێی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، هەنگاوێكی درەنگ كەوتووە، بەڵام گرنگە.