ئارسەر ئینجورون دادوەری دادگای باڵای ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاندووە، دوای سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی ٣٥٤.٨ ملیۆن دۆلار بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی لەسەر دۆسێی فێڵکردن و شاردنەوەی راستییەکان لەبارەی قەبارەی سەرمایەکەی بۆئەوەی کەمترین باج بدات، تیمی پارێزەرانی ترەمپ داواکارییەکیان پێشکەشکردووە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە سزاکە بۆئەوەی بۆ ماوەی مانگێک جێبەجێکردنی سزاکە دوابخرێت.

وتیشی، جگە لەوەی داواکارییەکەیان رەتکردووەتەوە، پێویستە ترەمپ جگە لەو ٣٥٤.٨ ملیۆن دۆلارەی وەک سزا لە رۆژی ھەینی رابردووەوە بەسەریدا سەپێنراوە، رۆژانە ٨٧ ھەزار دۆلاریش وەک سوود چووەتە سەر سزاکە و لەئێستادا کۆی ئەو پارەیە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٥٥ ملیۆن دۆلار و پێویستە ترەمپ بەرێگەی یاسایی ئەو سزا داراییە بدات.