ئیسرائیل: کۆشکی سپی پاڵپشتی ئاگربەست ناکات لە غەززە
کوردسات نیوز
١٤ی شوباتی ٢٠٢٤
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری باڵیۆزی تەلئەبیب لە ئەمریکا بڵاویکردەوە، ھەرچەندە واشنتۆن بەدوای قۆناغێکی ئارامیدا دەگەڕێت، بەڵام فشار ناخاتە سەر وڵاتەکەی بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی لە کەرتی غەززە.
وتیشی، حکومەتی ئەمریکا پرسیاری ھەیە سەبارەت بە لایەنی مرۆیی و بەڕێوەبردنی شەڕ، بەڵام نابینرێت کە ھەڵوێستێکی ئەمریکی ھەبێت تاوەکو ھەوڵی وەستاندنی ئیسرائیل بدات لەو شەڕەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خواستێک ھەیە بۆ ئاگربەست بۆ ئەوەی بەدڵنیاییەوە بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەڵام ھێشتا ھیچ بانگەوازێک نییە بۆ ئەو پرسە.
باسی لەوەشکردووە، جیاوازی بۆچوون لە نێوان دیموکراتەکاندا ھەیە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل، بەڵام پاڵپشتی بنچینەیی ئەوان بۆ ئامانجە جەنگییەکان نەگۆڕاوە.