ترەمپ ھانی روسیای داوە بۆئەوەی ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ
کوردسات نیوز
١١ی شوباتی ٢٠٢٤
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی پێشوودا کە وتویەتی ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا لەکەمترین ماوەدا کۆتایی بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین دەھێنێت، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رەخنەی لێگرتووە و لە پەیامێکدا داوای لێکردووە بە باشی بیر بکاتەوە پێش ئەوەی قسە بکات، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە زیلینسکی گەورەترین بازرگانە لە مێژوودا و بەدەوامبوونی شەڕیش لەگەڵ روسیا لە بەرژوەندی تاکەکەسی خۆیدا و لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر لەگەڵ روسیا رێکبکەوێت، ئەمریکا سەدان ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.
ترەمپ وتیشی، ئەو کاتەی سەرۆکی وڵاتەکەی بووە لە خولی پێشوودا سەرجەم سەکردەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر پابەندبوونە بەرگرییەکانیان جێبەجێ نەکەن ھانی روسیا دەدات، ھێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.
لە بەرامبەردا کۆشکی سپی وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاندووە، ئەندامانی ناتۆ لە نزیکترین ھاوپەیمانەکانی ئەمریکان و لێدوانی لەو جۆرەی ترەمپیش کارێکی مەترسیدارە و ھەڕەشەی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری ئەمریکا و سەقامگیری جیھان دروست دەکات.