ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ئاگری دارستانەکانی چیلی گیانیانلەدەستداوە بۆ ١١٢ کەس بەرز بووەوە
کوردسات نیوز
٥ی شوباتی ٢٠٢٤
مانوێل مۆنسالفی وتەبێژی وەزیری ناوخۆی چیلی رایگەیاند، بەھۆی ئاگرەکەوە تا ئێستا تەرمی ١١٢ کەس گەیشتۆتە پزیشکی داد و لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنھا ناسنامەی ٣٢ کەسیان ناسراوەتەوە.
لە ئێستادا ئاگرەکە ھەرەشەی لەسەر ھەردوو شاری فینیادیل و فالبارایسۆ دروستکردوە کە ھەردوو شارەکە گەشتیارین و دەکەونە کەنار دەریاوە
لە چوارچێوەی رێکارەکاندا بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە، دەسەڵاتداران لە سەعات ٩ی ئێوارەوە قەدەغەی ھاتوچۆیان لەناوچە زیانلێکەوتوەکان راگەیاندوە و ھێزەکانی سوپا بۆ ھاوکاریکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بڵاوکراونەتەوە، چەندین ھەلی کۆپتەریش لە ھەڵمەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەکاردەھێنرێن .
ھەر بەھۆی ئەو روداوەوە گابریێل بۆریک سەرۆکی چیلی پرسەی نیشتمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاندووە، بە وتەی لێپرسراوانیش تا ئێستا سەدان کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە ھەزار خانووش زیانیان بەرکەوتووە .