بایدن لەبارەی ھێرشەکانی سەر عێراق و سوریا نامەیەکی ئاڕاستەی کۆنگرێس کرد
کوردسات نیوز
٥ی شوباتی ٢٠٢٤
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، بایدن لە نامەکەیدا بۆ کۆنگرێس ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی ئەمریکا چەند ھێرشێکیان کردووەتە سەر چەندین پێگە لە عێراق و سوریا کە لەلایەن سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانەوە وەک بارەگا و فەرماندەیی و ناوەندی بەڕێوەبردن و ھەڵگرتنی چەک و شوێنی مەشق و راھێنان و پاڵپشتی لۆجیستی بەکارھێنراون.
دەشڵێت ھێرشەکان بۆ رێگریکردن بووە لە ھێرشی سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکان و پشتیوانیکردنی ھێرشەکان بۆ سەر ھاوڵاتییان و سەربازانی ئەمریکا و ئەگەر پێویست بکات رێوشوێنی دیکە دەگرنەبەر.
باسی لەوەشکردووە، ھێرشەکان بەشێوەیەک ئەنجامدراون کە سنور بۆ ھەڵکشانی گرژییەکان دابنێت و قوربانی مەدەنی لێنەکەوێتەوە.
بایدن جەختیکردووەتەوە فەرمانی ئەنجامدانی ھێرشەکانی دەرکردووە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دەستور پێیداوە وەک سەرۆک فەرماندەی گشتی، ھەروەھا بەپێی مافی رێگەپێدان بەسەرۆک لەساڵی ٢٠٠١ بۆ بەکارھێنانی ھێزی سەربازی لە عێراق.