ڕوسیا داوا لە حەماس دەکات بارمتەکانی ئیسیرائیل ئازاد بکات
یەحیا
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ ھەینی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پێشوازی لە وەفدێکی حەماس کرد لە مۆسکۆ و داوای لێکرد ئەو بارمتانە ئازاد بکات کە لەنێویاندا سێ ھاوڵاتی ڕوسییان تێدایە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکەدا لایەنی ڕووسی جەختی لەسەر پێویستی ئازادکردنی خێرای ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە کردەوە کە لەکاتی ھێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کرابوون، لەنێویشیاندا سێ ھاووڵاتی ڕووسی.
ھاوکات غادی ئایزنگۆت، وەزیر و سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێناچێت ھێرشی ھەورەبروسکە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە سەرکەوتوو بێت، دووپاتیشیکردەوە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بارمتەکان بە زیندووی ئازاد بکرێن، دەبێت بە زوویی ڕێککەوتنێک بکات.
ئایزنکۆت کە مانگی ڕابردوو کوڕە بچووکەکەی لە شەڕەکانی کەرتی غەززە کوژرا، ڕایگەیاند، چارەنووسی بارمتەکان دەبێ لە پێشینەی ئامانجەکانی دیکەی شەڕەکەدا بێت تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە ھۆی لەدەستدانی دەرفەتی لەناوبردنی ڕێبەری سیاسیی حەماس.