ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، مافی ئیسرائیلە ریگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ھێرشی تیرۆرستی بۆ سەری بەڵام گرنگە خۆی لە کوشتنی ھاووڵاتیانی مەدەنی بە دووربگرێت و زیان بە ژێرخانی غەززە نەگەیەنێت.

ھاوکات لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکاش رایگەیانە، ئیسرائیل ھەزاران سەربازی لە غەززە کشاندوەتەوە و گەورەترین پاشەکشەی کردووە. 

لای خۆیەوە، دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە غەززە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر تا کۆتایی ئەمساڵ شەڕەکە درێژە پێدەدەن. 

لەبەرامبەردا ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئامانجەکانی ئیسرائیل لە غەززە لەناوبردنی حەماس و ئازاکردنی بارمتەکان و جێبەجێکردنی پلانی کۆچی زۆرەملێیە، بەڵام ئەو وڵاتە لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی لە غەززە شکستی ھێناوە.