ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە وزارییەکانی، گابرێل ئاتالی وەزیری پێشووی پەروەردەی فەڕەنسا وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی فەڕەنسا دەستنیشانکرد و ڕایسپارد بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فەڕەنسا.

گابرێل ئاتال، ساڵی ١٩٨٩ لە شاری کلاماری فەڕەنسا لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە و باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی تونسە و لە شوێنکەوتووانی ئایینی جولەکەیە، ئاتال لە ساڵی ٢٠١٦ەوە چووەتە ڕیزەکانی حزبی "بۆ پێشەوە" کە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، سەرەتاش وەک نێردەی حکومەتی فەڕەنسا بۆ کاروباری گەنجان لە حکومەتدا دەستبەکاربووە و دواتر بووەتە وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا و پاشان وەزیری دارایی و ساڵی ڕابردووش کرایە وەزیری پەروەردە.