بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتییان کرد و کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردن راگەیاند، بە مەبەستی رێگریکردن لە قۆرخکاری و کارئاسانی بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
بەپێی ئاگادارییەکەی بەشی مۆڵەت، بەهۆی بوونی لۆد و پەستانێکی زۆر لەسەر ماڵپەڕی رەسمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی رابردوودا، بڕیار دراوە لە رۆژی شەممە 12ی ئەیلوولی 2026ـەوە هاووڵاتییان لە کاتی پڕکردنەوەی خشتەی تایبەت بە وەرگرتنی کۆددا پابەندی ئەم مەرجانەی خوارەوە بن:
ناوی سیانی: پێویستە بە تەواوی و دروستی تۆمار بکرێت.
ژمارەی تەلەفۆن: پێویستە ژمارەی تایبەتی ئەو کەسە بێت کە مامەڵەکە ئەنجام دەدات.
وێنەی رووخسار: پێویستە وێنەی راستەوخۆ و روونی رووخساری داواکار بێت؛ بەکارهێنانی ئیمۆجی یان وێنەگرتن لە شاشەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی سەردانیکردندا و لە رێگەی ئامێری خوێنەرەوەی QR Code، سەرجەم زانیارییەکان چێک دەکرێنەوە. لە حالەتێکدا ئەگەر زانیارییەکان ساختە بن یان لە سیستەمەکەدا نەبن، مامەڵەی کەسەکە بە هیچ شێوەیەک رایی ناکرێت.
سەبارەت بە کاتەکانی کارکردن، بەشی مۆڵەت روونی کردووەتەوە کە کۆدی نۆرەگرتنی شەفتی بەیانیان لە رۆژانی یەکشەممەوە تا پێنجشەممە بەردەست دەبێت، شەفتی ئێوارانیش تەنها لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە چالاک دەبن.